پێشەکی
لە ڕەوتی هاوبەرپەرچی (dialectic) مێژوودا، پرسی دەوڵەت (state) و پەیوەندی نێوان نەتەوە و دەوڵەت بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندا بووە. بۆ کوردستان، وەک بوونێکی (being) داگیرکراو، ئەم پرسە گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە. لە پرۆسەی خۆ-ئاگایی (self-consciousness) و خۆ-بەدیهێنانی (self-realization) کوردستاندا، چەمکی دەوڵەت و پێویستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان وەک ئامانجێکی سەرەکی و ڕەهای (absolute) ستراتیژیک هەمیشە لە ئارادا بووە.
لەم دواییانەدا، عەدنان حەسەنپوور لە وتارێکدا هەوڵی داوە ڕەخنە لە چەمکی دەوڵەت بگرێت. بەڵام لە شیکارییەکەی حەسەنپووردا، کێشەیەکی بنەڕەتی لە تێگەیشتن لە هاوبەرپەرچی نێوان دەوڵەت (تێز)، سیستەمی سیاسی (ئەنتی-تێز) و حکومەت (سینتێز) بەدی دەکرێت. ئەو بە شێوەیەکی ناڕاست نەرێنییەکانی سیستەمی حوکمڕانی یان حکومەت دەخاتە ئەستۆی دەوڵەت، لە کاتێکدا ئەمانە قۆناغی جیاوازی پەرەسەندنی ڕۆحی گشتین (universal spirit).
دەوڵەت، یان دەزگای نەتەوەیی، بریتییە لەو چوارچێوە سەروەرە کە بۆ بەدیهێنانی ڕۆحی ڕەهای (absolute spirit) کوردستان پێویستە. ئەمە جیاوازە لە سیستەمی حوکمڕانی و حکومەت کە دەربڕی قۆناغە جیاوازەکانی پەرەسەندنی ڕۆحی ئۆبژێکتیڤن (objective spirit).
دەوڵەت، یان دەزگای نەتەوەیی، بریتییە لەو چوارچێوە سەروەرە کە بۆ بەدیهێنانی ڕۆحی ئۆبژێکتیڤی (objective spirit) کوردستان وەک ئامرازی خاکداری (territorialism) و سەروەریخوازی (sovereigntism) بۆ کوردستان پێویستە تاکو وەک وڵات بوونی هەبێت. ئەمە جیاوازە لە سیستەمی حوکمڕانی و حکومەت کە لە قۆناغە جیاوازەکانی پەرەسەندنی ڕۆحی ڕەوشتی (ethical spirit) و کۆمەڵگای ژیاری (civil society) دەردەکەون.
حەسەنپوور، بە ڕوانینێکی نەرێنی (negative), هەموو ئەو دژوازییانەی (contradictions) کە لە سیستەمی حوکمڕانی یان حکومەتدا دەبینرێن بەسەر چەمکی دەوڵەتیشدا دەگشتێنێت. ئەمە نیشانەی تێنەگەیشتن لە پرۆسەی هاوبەرپەرچی مێژووییە کە تێیدا دەوڵەت وەک سینتێزی کۆتایی دەردەکەوێت. هەروەها، ئەم ڕوانینە پرسی کوردستان لە چوارچێوەی نەرێنیدا (negativity) کورت دەکاتەوە، لە کاتێکدا پرسی سەرەکی بریتییە لە بەدیهێنانی ئەرێنی (positivity) و ڕەهای سەروەریی کوردستان.
لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەک بۆ بۆچوونەکانی عەدنان حەسەنپوور بەردەست بخەین. ئامانجمان ئەوەیە نیشانی بدەین کە چۆن تێکەڵکردنی ئەم چەمکە هاوبەرپەرچییانە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر تێگەیشتنی گشتی لە گرنگی دەوڵەت بۆ کوردستان دابنێت. هەروەها هەوڵ دەدەین ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی دەوڵەت، وەک دەربڕینی کۆتایی ڕۆحی ڕەها، بۆ کوردستان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
ئامانجی سەرەکی ئەم وتارە بریتییە لە بەرگریکردن لە بیرۆکەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان وەک بەدیهێنانی کۆتایی ڕۆحی نەتەوەیی و نیشاندانی ئەوەی کە چۆن تێنەگەیشتن لە هاوبەرپەرچی نێوان دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی دەتوانێت زیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستان بگەیەنێت. هیوادارین ئەم وتارە ببێتە دەستپێکی گفتوگۆیەکی قووڵتر و وردتر لەسەر پرسی دەوڵەت و گرنگی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کوردستان وەک بەدیهێنانی ڕۆحی ڕەهای نەتەوەیی.
دەوڵەت وەک بەدیهێنانی ڕۆحی ئۆبژکتیڤی نەتەوەیی
دەوڵەت، یان دەزگای نەتەوەیی، لە ڕوانگەی هێگڵیدا، بریتییە لەو چوارچێوەی سەرەکی کە ڕۆحی ئۆبژێکتیڤ (Objective Spirit) بە شێوەیەکی ئەبژێکتیڤ خۆی تێدا دەردەبڕێت. لە ڕێگەی دەوڵەتەوە، ئازادی و مافەکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێکخستنی ئاشتی لە نێوان تاک و کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی تەواو بەدی دەکرێن. هێگڵ دەوڵەت وەک “حەقیقەتی ئەخلاقی” (Ethical Reality) دەبینێت کە تێیدا ڕۆحی ئەخلاقی (Ethical Spirit) کۆمەڵگا بەرەو گەشەی تەواو دەچێت. ئەمە جیاوازە لە سیستەمی حوکمڕانی و حکومەت، کە بەشە جیاواز و ژێرینەکانی دەوڵەتن و لە پەرەسەندنی ڕۆحی مەدەنی (Civil Spirit) و کۆمەڵایەتی لە قۆناغەکانی جیاوازدا خۆیان دەردەبڕن. دەوڵەت، لە ڕوانگەی هاوبەرپەرچی هێگڵیدا، یەکێتییەکی ماکی (Concrete Unity)ی تاک و کۆمەڵە کە تێیدا ئازادی تاک لە چوارچێوەی گشتییدا دەربڕێت.
لە ڕەوتی هاوبەرپەرچی مێژوودا، دەوڵەت وەک بەدیهێنانی ڕۆحی ئۆبژێکتیڤی نەتەوەیی وەک پرۆسە، کە لە قۆناغی سەرەتایی خۆئاگایی (self-consciousness) نەتەوەییەوە دەست پێدەکات و بە قۆناغی خۆ-بەدیهێنان (self-realization) لە چوارچێوەی دەوڵەتدا کۆتایی دێت، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری مێژووییە. عەدنان حەسەنپوور لە وتارەکەیدا، بە پشتبەستن بە ڕوانگەیەکی پۆست-مۆدێرن و دژە-دەوڵەت، ئەم پرۆسە هاوبەرپەرچییە پشتگوێ دەخات و تەنیا لایەنە نەرێنییەکانی دەوڵەت دەخاتە ڕوو. ئەم ڕوانینە، کە لە بنەڕەتدا لەسەر تێگەیشتنێکی ناتەواو لە چەمکی دەوڵەت دامەزراوە، دەبێتە هۆی پەردەپۆشکردنی گرنگی و پێویستی دەوڵەت بۆ نەتەوەیەکی داگیرکراو وەک کوردستان. لە ڕاستیدا، دەوڵەت لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، بەرزترین فۆرمی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی-سیاسییە و نوێنەرایەتی ئیرادەی گشتی (general will) دەکات. ئەم ئیرادە گشتییە، کە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی درێژخایەنی هاوبەرپەرچییەوە پێک دێت، دەربڕی ویستی ڕاستەقینەی نەتەوەیە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و سەروەریی. حەسەنپوور، بە پشتبەستن بە ڕوانگەیەکی تاکگەرایانە و ئەنارشیستی، ئەم ڕاستییە فەلسەفییە پشتگوێ دەخات و دەوڵەت تەنیا وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت و چەوساندنەوە دەبینێت. ئەم تێڕوانینە سادە و ڕووکەشە، کە زیاتر لە ئەزموونی تاڵی دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە سەرچاوە دەگرێت تا لە تێگەیشتنێکی قووڵی فەلسەفی، ناتوانێت جیاوازی نێوان دەوڵەتی داگیرکەر و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ببینێت. لە کاتێکدا کە دەوڵەتی داگیرکەر دەربڕی ویستی بێگانەیە و لە دژایەتی لەگەڵ ئیرادەی نەتەوەیی کوردستاندایە، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەربڕی ڕۆحی ڕەهای نەتەوەیی کوردستان دەبێت و وەک سینتێزی کۆتایی لە پرۆسەی هاوبەرپەرچی مێژووییدا دەردەکەوێت.
لە ڕووی فەلسەفەی ڕۆحەوە (philosophy of spirit)، دەوڵەت دواهەمین قۆناغی پەرەسەندنی ڕۆحی ئۆبژێکتیڤە (objective spirit). لەم قۆناغەدا، ڕۆحی نەتەوەیی بە تەواوی خۆی دەناسێت و دەگاتە لووتکەی خۆ-ئاگایی. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت وەک کوردستان، نەبوونی دەوڵەت واتە مانەوە لە قۆناغی ناتەواوی و نەگەیشتن بە قۆناغی ڕۆحی ڕەها (absolute spirit). حەسەنپوور لە وتارەکەیدا ئەم ڕاستییە فەلسەفییە گرنگە ون دەکات و له بەرامبەریدا جەخت لەسەر لایەنە نەرێنییەکانی دەوڵەت دەکاتەوە. ئەم هەڵوێستە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێنەری کورد لە گرنگی بوونناسانە (ontological importance) و مێژوویی دەوڵەت بۆ کوردستان تێنەگات. لە کاتێکدا کە دەوڵەت بۆ کوردستان تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکوو پرسێکی چارەنووسسازە کە پەیوەندی بە بوون و نەبوونی نەتەوەوە هەیە. نەبوونی دەوڵەت بۆ کوردستان واتە مانەوە لە دۆخی نەبوون (non-being) و نەگەیشتن بە قۆناغی بوونی ڕاستەقینە (authentic being). ئەم دۆخە، کە دەکرێت وەک دۆخی نامۆبوون (alienation) ناوی لێ ببرێت، ئەو دۆخەیە کە تێیدا نەتەوە لە جەوهەری خۆی دادەبڕێت و ناتوانێت ویست و ئیرادەی خۆی بەدی بهێنێت. تەنیا لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە دەتوانێت کوردستان ئەم نامۆبوونە تێپەڕێنێت و بگاتە قۆناغی خۆ-بەدیهێنانی تەواو.
لە بازنەی فەلسەفەی مافدا (philosophy of right)، دەوڵەت بەرزترین دەربڕینی ئازادی و مافە (freedom and right). دەوڵەت ئەو چوارچێوەیەیە کە تێیدا تاک دەتوانێت بە تەواوی ئازادی خۆی بەدی بهێنێت و مافەکانی بپارێزێت. بۆ کوردستان، وەک وڵاتێکی داگیرکراو، نەبوونی دەوڵەت واتە بێبەشبوون لە ئازادی ڕاستەقینە و مافە بنەڕەتییەکان. حەسەنپوور لە وتارەکەیدا ئەم لایەنە گرنگەی لەبەرچاو ون دەبێت و لە جیاتی ئەوە، تەنیا لایەنە نەرێنییەکانی دەوڵەت بەرجەستە دەکاتەوە. ئەم هەڵوێستە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خوێنەری کورد دەوڵەت وەک چوارچێوەی سەرەکی بەدیهێنانی ئازادی و ماف نەبینێت و لەلای ببێتە شوورەیی (stigma) هەرچەند کە دەوڵەت بۆ کوردستان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بەڵکوو مەرجی سەرەکی گەیشتنە بە ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانە. نەبوونی دەوڵەت بۆ کوردستان واتە مانەوە لە دۆخی بێمافی (rightlessness) و نەگەیشتن بە قۆناغی ئازادی ڕاستەقینە. لەم ڕوانگەیەوە، دەوڵەت بۆ کوردستان نەک هەر پێویستییەکی سیاسی، بەڵکوو پێویستییەکی ئۆنتۆلۆژی (ontological necessity) و مێژووییە.
دەبێ ئەمە بگوترێت کە هەڵوێستی دژە-دەوڵەتی حەسەنپوور، لە ڕێگەی پشتگوێخستنی پرۆسەی هاوبەرپەرچی (dialectical process) مێژووییەوە، ڕێگە بۆ بەردەوامبوونی دۆخی نامۆبوون (alienation) و بێدەسەڵاتی کوردستان خۆش دەکات. ئەم هەڵوێستە، کە لە ڕووکەشدا وەک هەڵوێستێکی پێشکەوتووخوازانە دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا دژ بە ڕەوتی گەشەسەندنی ڕۆحی نەتەوەیی (national spirit) کوردستانە. دەوڵەت بۆ کوردستان بەدەر لە پرسێکی سیاسی، قۆناغێکی چارەنووسسازە لە پرۆسەی خۆ-بەدیهێنانی (self-realization) نەتەوەییدا. ڕووناکبیرانی ئەنارشیستی کورد تێناکۆشن بۆ ڕوونکردنەوەی پێویستی مێژوویی و فەلسەفی دەوڵەت بۆ کوردستان، بەڵکو دەکەونە دژایەتی لەگەڵ چەمکی دەوڵەت تاکو کوردستان لە قۆناغی نەبوون (non-being)ـدا بمێنێتەوە و خۆنامۆیی نەگاتە قۆناغی بوونی ڕاستەقینە (authentic being) و ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی گەشەسەندنی مێژوویی و فەلسەفیدا بگێڕێت.
دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەیی
لە وتارەکەی عەدنان حەسەنپووردا، یەکێک لە خاڵە هەرە لاوازەکان تێگەیشتنی ناتەواوی ئەو لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەییە. حەسەنپوور، بە پشتبەستن بە ڕوانگەیەکی پۆست-مۆدێرن و تاکگەرایانە، هەوڵ دەدات ناسنامەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا جیا بکاتەوە و وەک دوو چەمکی سەربەخۆ و تەنانەت دژ بە یەک پێناسەیان بکات. ئەم تێڕوانینە، کە لە بنەڕەتدا لەسەر تێگەیشتنێکی ناتەواو لە چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی (national identity) دامەزراوە، پێچەوانەی تێگەیشتنی قووڵی فەلسەفی و مێژوویی لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەییە.
لە فەلسەفەی ڕۆح (philosophy of spirit)، ناسنامەی نەتەوەیی بەرهەمی پرۆسەیەکی درێژخایەنی هاوبەرپەرچییە (dialectical process) کە تێیدا ڕۆحی نەتەوەیی (national spirit) بەرەبەرە خۆی دەناسێت و پەرە دەستێنێت. ئەم پرۆسەیە، کە لە قۆناغی سەرەتایی خۆ-ئاگایی نەتەوەییەوە (national self-consciousness) دەست پێدەکات، لە کۆتاییدا لە دەوڵەتدا خۆی بەدی دەهێنێت. بە واتایەکی دیکە، دەوڵەت دەربڕینی کۆتایی و تەواوی ناسنامەی نەتەوەییە. حەسەنپوور، چاو لەم پرۆسە هاوبەرپەرچییە دەپۆشێت، ناسنامەی نەتەوەیی وەک شتێکی نەگۆڕ و جێگیر دەبینێت کە گوایە بۆ بەدیهێنان و پاراستنی خۆی پێویستی بە دەوڵەت نییە. ئەم تێڕوانینە ستاتیکە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی، نەک هەر لە ڕووی فەلسەفییەوە هەڵەیە، بەڵکوو لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە بۆ داهاتووی کوردستان مەترسیدارە.
ناسنامەی نەتەوەیی و دەوڵەت دوو ڕووی یەک دراون. ناسنامەی نەتەوەیی، وەک دەربڕینی ڕۆحی نەتەوەیی، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی خۆی بەدی بهێنێ و خۆی بپارێزێتو بمێنێتەوە. ئەم چوارچێوەیە هەمان دەوڵەتە. بە بێ دەوڵەت، ناسنامەی نەتەوەیی لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە ناسنامەیەکی بندەستەی ناتەواو و لە خراپترین حاڵەتدا بە تەواوی لە ناو دەچێت. بۆ نموونە، ئەزموونی مێژوویی نەتەوە بێدەوڵەتەکان پێمان دەڵێت کە چۆن بە درێژایی کات و لە ژێر فشاری دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا، ناسنامەی نەتەوەیی ئەم نەتەوانە بەرەو لاوازی و لەناوچوون دەڕوات. لە بەرامبەردا، ئەو نەتەوانەی کە توانیویانە دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن، نەک هەر توانیویانە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن، بەڵکوو توانیویانە پەرەی پێ بدەن و بەهێزتری بکەن.
حەسەنپوور لە وتارەکەیدا ئەم ڕاستییە مێژوویی و فەلسەفییە دەپووکێنێتەوە و لە جیاتی ئەوە، هەوڵ دەدات وێنایەکی ڕۆمانسی و ناواقیعی لە ناسنامەی نەتەوەیی بخاتە ڕوو کە گوایە دەتوانێت بە بێ دەوڵەت بەردەوام بێت و گەشە بکات. ئەم تێڕوانینە، کە زیاتر لە ڕوانگەی ئەنارشیستی و دژە-دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت، ناتوانێت واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهانی هاوچەرخ لەبەرچاو بگرێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە دەوڵەت-نەتەوە (nation-state) هێشتا وەک سەرەکیترین یەکەی سیاسی دەمێنێتەوە، بانگەشەکردن بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی بە بێ دەوڵەت، لە باشترین حاڵەتدا خەونێکی ناواقیعییە.
جیا لەوەش، تێڕوانینی حەسەنپوور بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەیی، کێشەیەکی گەورەتر دەخاتە ڕوو کە ئەویش تێنەگەیشتن لە پرۆسەی بەدیهێنانی ئازادییە (realization of freedom). لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، ئازادی ڕاستەقینە تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەتوانێت بەدی بێت. دەوڵەت، وەک دەربڕینی ئیرادەی گشتی (general will)، ئەو چوارچێوەیەیە کە تێیدا تاک و کۆمەڵ دەتوانن بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ ئازادی خۆیان بەدی بهێنن. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت وەک کوردستان، نەبوونی دەوڵەت واتە بێبەشبوون لە ئازادی ڕاستەقینە. حەسەنپوور خۆی لەم ڕاستییە فەلسەفییە دەدزێتەوە، ناسنامەی نەتەوەیی لە ئازادی ڕاستەقینە دادەبڕێت و بەم شێوەیە ڕێگە بۆ بەردەوامبوونی دۆخی بێدەوڵەتی و داگیرکاری خۆش دەکات.
تێڕوانینی حەسەنپوور بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەیی، لە جەوهەردا دژ بە بەرژەوەندی نەتەوەیی و تەنانەت ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانە. ئەم تێڕوانینە، کە لەوانەیە لە ڕووکەشدا وەک هەڵوێستێکی پێشکەوتووخوازانە دەربکەوێت، لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی دۆخی نامۆبوون (alienation) و بێدەسەڵاتی و بندەست مانەوەی کوردستان. ئەمە گەواهە کە ڕووناکبیرانی وەک حەسەنپوور بە هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لە دەوڵەت، ڕوونکردنەوەی پەیوەندی قووڵ و چارەنووسسازی نێوان ئەم دوو چەمکە واتا ناسنامەی نەتەوەیی و دەوڵەت ناگرنە ئەستۆ چونکە یەک لەو ئامرازانە کە بۆ کوردستان پێویستە تاکو لە قۆناغی ناسنامەی ناتەواو و بندەست بگاتە قۆناغی ناسنامەی تەواو و خاوەن هێز و دەسەڵات و سەروەریی، واتە دەوڵەتی سەربەخۆ.
ناسیۆنالیزمی کوردستانی و دەوڵەتسازی
لە هەناوی مێژووی هاوبەرپەرچی (dialectical history) نەتەوەکاندا، ناسیۆنالیزم وەک هێزێکی بزوێنەر و بنیاتنەر دەناسرێت. ئەم هێزە، کە دەربڕی ئیرادەی نەتەوەیە بۆ خۆ-بەدیهێنان (self-realization)، لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاو دەنێت. لەم ڕوانگەیەوە، ناسیۆنالیزمی کوردستانی نەک تەنیا وزەیەکی سیاسی، بەڵکوو دەربڕی ڕۆحی نەتەوەییە (national spirit) کە لە فۆرمی دەوڵەتدا لە هەوڵی بەدیهێنانی خۆیدایە. عەدنان حەسەنپوور، لە وتارەکەیدا، بە شێوەیەکی شاراوە هەوڵ دەدات لە ناسیۆنالیزمی کوردستانی بدات و ئەم هێزە بنیاتنەرە بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم هەڵوێستە، کە لە بنەڕەتدا لەسەر تێگەیشتنێکی ناتەواو و ئایدیۆلۆژیکی چەپ لە ناسیۆنالیزم دامەزراوە، نەک هەر لە ڕووی تیۆرییەوە هەڵەیە، بەڵکوو لە ڕووی پراکتیکیشەوە بۆ پرۆسەی ڕزگاریی کوردستان زیانبەخشە. لە ڕاستیدا، تێگەیشتنی حەسەنپوور لە ناسیۆنالیزم زیاتر لەسەر پێشگریمانە ئایدیۆلۆژیکەکانی چەپی کلاسیک دامەزراوە تا لەسەر واقیعی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ناسیۆنالیزم. ئەم جۆرە تێگەیشتنە، کە ناسیۆنالیزم تەنیا وەک ئایدیۆلۆژیایەکی بۆرژوازی یان هەستێکی ڕۆمانسی دەبینێت، ناتوانێت ئەو ڕۆڵە بنەڕەتییە ببینێت کە ناسیۆنالیزم لە پرۆسەی دەوڵەتسازی و بەدیهێنانی ئازادی نەتەوەییدا دەیگێڕێت.
ڕێک لە ئاراستەی فەلسەفەی سیاسیدا، ناسیۆنالیزم دەربڕی ویستی نەتەوە بۆ حوکمڕانی (governance) و خۆ-دیاریکردنە (self-determination). ئەم ویستە، کە لە قووڵایی مێژووی نەتەوەوە سەرچاوە دەگرێت، لە کۆتاییدا لە فۆرمی دەوڵەتدا خۆی بەدی دەهێنێت. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت وەک کوردستان، ناسیۆنالیزم ئەو هێزە بنیاتنەرەیە کە دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەو ئازادی و سەروەریی و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ ڕێنمایی بکات. حەسەنپوور، ئەم ڕۆڵە گرنگەی ناسیۆنالیزم چەواشە دەکات، لە ڕاستیدا بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی ڕزگاریی کوردستان لە چاو ون دەکات. ئەم هەڵوێستە، کە لە ڕووکەشدا وەک هەڵوێستێکی پێشکەوتووخوازانە و دژە-ناسیۆنالیستی خۆی پێشان دەدات لە ڕاستیدا دەبێتە بنخانی هزری بەردەوامبوونی دۆخی داگیرکاری و بندەستی کوردستانە. چونکە بە بێ ناسیۆنالیزم وەک هێزێکی یەکخەر و بزوێنەر و بنیاتنەر، پرۆسەی دەوڵەتسازی و بەدیهێنانی سەروەریی نەتەوەیی ناتەواو و ناکارا دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، تێگەیشتنی حەسەنپوور لە ناسیۆنالیزم هەر وەک تێگەیشتنی لە بابەتەکانی دیکە تێگەیشتنێکی ستاتیک و نەگۆڕە کە ناتوانێت پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی ناو ناسیۆنالیزم ببینێت. ئەو ناتوانێ ببنێت کە ناسیۆنالیزم وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی دیکە، بەردەوام لە پرۆسەی گۆڕان و پەرەسەندندایە. ناسیۆنالیزمی کوردستانی، بە درێژایی مێژووی خۆی، هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکان یەکانگیر و فۆرمی نوێ و پێشکەوتووتر وەربگرێت. بۆ نموونە، ناسیۆنالیزمی کوردستانی لە ئێستادا زۆر جیاوازە لە ناسیۆنالیزمی سەرەتای سەدەی بیستەم. ئەم ناسیۆنالیزمە نوێیە، کە لەسەر بنەمای بەها دیموکراتیکەکان و مافی مرۆڤ خۆی بنیات دەنێت، تاقە هێزێک دەبێت کە دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکی کاریگەر بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و دیموکراتیک لە کوردستان. لە بنەڕەتدا جگە لە ناسیۆنالیزم هیچ هێزێکی دیکە ناتوانی دەوڵەتی سەربەخۆی بنیات بنێت. حەسەنپوور خۆی لەم ڕاستییە دەشارێتەوە کە ئەم لایەنە گرنگەی ناسیۆنالیزم، توانای گۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردستان لە خۆ گونجاندن لەگەڵ مۆدێرنیزم بەدەست دەهێنێت.
هەروەها، تێڕوانینی حەسەنپوور بۆ ناسیۆنالیزم کێشەیەکی گەورەتر دەخاتە ڕوو کە ئەویش تێنەگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و ئازادی. لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، ئازادی ڕاستەقینە تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا دەتوانێت بەدی بێت. ناسیۆنالیزم، وەک هێزی دەوڵەتسازی، لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئازادییە. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت وەک کوردستان، ناسیۆنالیزم تاکە هێزە کە دەتوانێت لەڕێگای دامەزراندن و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دێموکراتیک و یاساسەروەر ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئازادی خۆش بکات. حەسەنپوور، بە پشتگوێخستنی ئەم ڕاستییە فەلسەفییە، لە ڕاستیدا پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و ئازادی دەپچڕێنێت و بەم شێوەیە ڕێگە بۆ بەردەوامبوونی دۆخی بێدەوڵەتی و داگیرکاری خۆشتر دەکات.
خاڵێکی گرنگی دیکە لە ڕەخنەگرتن لە تێڕوانینی حەسەنپوور بۆ ناسیۆنالیزم، تێنەگەیشتنی ئەوە لە پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و ئازادی. لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، ئازادی ڕاستەقینە (true freedom) تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا دەتوانێت بەدی بێت. ناسیۆنالیزم، وەک دینامیزمی دەوڵەتسازی ژێرخانی بەدیهێنانی ئەم ئازادییەیە. بۆ کوردستانی داگیرکراو ناسیۆنالیزمی کوردستانی مۆدێرن ئەو دینامیکی خۆ-بەدیهێنانە (self-realizing force) یە کە دەتوانێت ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەروەری (sovereignty) وەک دوو دووانەی پێکبەستراو بە یەکتر خۆش بکات. حەسەنپوور چاو لەم ڕاستییە فەلسەفییە، پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و ئازادی دادەخات و بەم شێوەیە، بە نیازێکی باشەوە بێت یان نا، ڕێگە بۆ بەردەوامبوونی دۆخی بێدەوڵەتی و داگیرکاری پاساو دێنێتەوە. بنخانی هزریی ئەو هاوشێوەی ئەو ڕووناکبیرە دژەنەتەوەیی و کۆزمۆپۆلیتانانەیە کە بە کەمکردنەوەی گرنگی ناسیۆنالیزم وەک تاکە ئامرازی دەوڵەتسازی و بنیاتنەر لە پرۆسەی گەشەسەندنی ڕۆحی نەتەوەیی (national spirit) کوردستان گۆج بکەن چونکە دەوڵەتیان پێ ئامرازی چەوساندنەوە و ستەمە لە مرۆڤ کە لەم چەشنە ڕوانینەدا خاک بە واتای تێریتۆری و هاوکات سەرەوەریی نەتەوەیی لە بەرامبەر بە مرۆڤدا کەمنرخ یان بە تەواوی بێنرخ دەکرێت. بێنرخکردنی خاک و سەروەری لە بنەڕەتی خۆیدا دژە مرۆڤیشە، چونکە مرۆڤی بەبێ خاک و سەروەریی یان بندەست و کۆیلەیە یان کۆچبەری هەتایی. سرۆشتی مرۆڤ تێریتۆریاڵیستە و سەروەرییخوازانەیە.
لە ڕەوتی هاوبەرپەرچی مێژوودا، تێریتۆریالیزم (territorialis) و سەروەریی (sovereignty) وەک دوو ڕەهەندی بنەڕەتی لە پرۆسەی خۆ-بەدیهێنانی ڕۆحی نەتەوەیی دەردەکەون. ئەم دوو چەمکە، کە لە بنەڕەتدا جەوهەری ویستی نەتەوە بۆ خۆ-دیاریکردنن، لە قۆناغی کۆتایی گەشەسەندنی ڕۆحی ئۆبژێکتیڤدا، لە فۆرمی دەوڵەتدا خۆیان بەدی دەهێنن. حەسەنپوور لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ناتەواو لە چەمکی ئازادی، هەوڵ دەدات ئەم دوو ڕەهەندە بنەڕەتییە لە یەکتر هەڵبرێت و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بیانخاتە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤەوە. ئەم ڕوانگەیە، کە لە بنەڕەتدا لەسەر تێگەیشتنێکی ئەبستراکت لە ئازادی دامەزراوە، ناتوانێت پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان خاک، سەروەریی و ئازادی ببینێت.
تێریتۆریالیزم و سەروەریی بەبێ هیچ دوودڵییەک دوو ڕووی یەک دراون لە پرۆسەی بەدیهێنانی ئازادی ڕاستەقینەدا. خاک، وەک بەستێنی مادی بوونی نەتەوە، ئەو پانتاییەیە کە تێیدا ڕۆحی نەتەوەیی خۆی دەردەبڕێت و پەرە دەستێنێت و پارێزراو دەمێنێتەوە. سەروەریش، وەک دەربڕینی دەسەڵاتی سیاسی نەتەوە بەسەر ئەم خاکەدا، ئەو مێکانیزمەیە کە لە ڕێگەیەوە نەتەوە دەتوانێت ویست و ئیرادەی خۆی بەدی بهێنێت. کەواتە، بێ خاک و سەروەری، ئازادی دەبێتە چەمکێکی بێناوەرۆک و بێ بنەمای مادی. حەسەنپوور، بە کەمڕەنگکردنەوەی گرنگی ئەم دوو ڕەهەندە، لە ڕاستیدا بنەما سەرەکییەکانی ئازادی دەشارێتەوە.
هەروەها، ڕوانگەی حەسەنپوور ناتوانێت پەیوەندی هاوبەرپەرچی نێوان تاک و کۆمەڵ لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ببینێت. لە ڕوانگەی هێگڵییەوە، دەوڵەت ئەو یەکێتییە ئۆرگانیکەیە کە تێیدا ئازادی تاک و ئازادی گشتی پێکەوە ئاشت دەبنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، تێریتۆریالیزم و سەروەری نەک تەنیا دژی مافەکانی مرۆڤ نین، بەڵکو مەرجی سەرەکی بەدیهاتنی ئەم مافانەن. چونکە تەنیا لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریدایە کە تاک دەتوانێت بە تەواوی خۆی بەدی بهێنێت و مافەکانی بپارێزرێن. بۆیە، بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت وەک کورد، خەبات بۆ بنیاتنانی دەوڵەت لەسەر بنەمای تێریتۆریالیزم و سەروەریی لە ڕاستیدا خەباتە بۆ بەدیهێنانی ئازادی ڕاستەقینە و ئەمەش واتا ناسیۆنالیزم.
ئەنجام
لە ئەنجامدا، دەبێ بگوترێت کە پرسی دەوڵەت و ناسیۆنالیزم بۆ کوردستان تەنیا پرسێکی سیاسی نین، بەڵکوو دوو ڕەهەندی بنەڕەتی و جیانەکراوەن لە پرۆسەی خۆ-بەدیهێنانی (self-realization) ڕۆحی نەتەوەیی کوردستان. ڕەخنەکانی عەدنان حەسەنپوور، سەرەڕای نیازی باشی، لە تێنەگەیشتنێکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرن سەبارەت بە پەیوەندی هاوبەرپەرچی (dialectical relationship) نێوان دەوڵەت، ناسیۆنالیزم و ئازادی.
لە ڕەوتی هاوبەرپەرچی مێژوویی هێگڵیدا، دەوڵەت وەک بەدیهێنانی کۆتایی ڕۆحی ئۆبژێکتیڤی نەتەوەیی دەردەکەوێت. ئەم پرۆسەی هاوبەرپەرچییە، کە لە قۆناغی سەرەتایی خۆ-ئاگایی (Self-Consciousness) نەتەوەییەوە دەست پێدەکات، لە ڕێگەی هاوبەرپەرچی نێوان دژوازییەکان (Dialectical Negation of Contradictions) بەرەو خۆبەدیهێنان (Self-Realization) دەچێت. لە سەردەمی مۆدێرندا دەوڵەت لەسەر ئەوە بنیاد دەنرێت کە ڕۆحی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئازادی و یاسای گشتی (Universal Law) خۆی بەدی بهێنێت، وەک ئەو یەکێتییە ماکییە کە هاوبەرپەرچی تاک و کۆمەڵ دەرەنجامێکی هابەش دەئافرێنێت. لە ڕوانگەی هێگڵیدا، دەوڵەت واتە گەیشتن بە “ئازادی لە هەستی ئەبژێکتیڤدا” (Freedom in the Objective Sense)، کە تێیدا ئازادی نە تەنها وەک بیرکردنەوە یان ستاتیک بەڵکو وەک ڕێکخستنی مادی و یاسایی جێبەجێ دەکرێت.
بۆ کوردستان، دەوڵەت وەک دەربڕینی کۆتایی و ڕەهای ڕۆحی نەتەوەیی، ئەو چوارچێوەیەیە کە تێیدا ناسنامە و ئیرادەی نەتەوەیی کوردستان دەتوانێت بە تەواوی خۆی لە ڕێگای سازکردنی سەروەریی بەسەر خاک و تێریتۆری خۆیدا بەدی بهێنێت. ناسیۆنالیزمی کوردستانی، لەم ڕوانگەیەوە، ئەو هێزە بزوێنەرەیە کە لە جەوهەری خۆیدا کە ئازادی و سەربەستیییە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی هاوبەرپەرچی مێژووییەوە، کۆمەڵگای کوردستان بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ئاراستە دەکات. ئەم پرۆسەیە، کە لە قۆناغی سەرەتایی خۆئاگایی نەتەوەییەوە دەست پێدەکات، لە کۆتاییدا لە فۆرمی دەوڵەتدا دەگاتە لووتکەی خۆی.
جا تێڕوانینی حەسەنپوور بۆ دەوڵەت و ناسیۆنالیزم دوورە لەم خوێندنەوە مێژوویی زانستییە، بەڵکو لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ناتەواو و ئایدیۆلۆژیکی چەپ دامەزراوە، لە خانەکانی پێکهێنەری ئەو تێگەیشتنە گەردوون و شوورەییەبوون و بەبوونی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت لەڕووی تێگەیەکی ئایدیۆلۆژیکەوەی، نەک مێتۆدۆلۆژیک کە بتوانێت بە فەکت و دەیتا و ئانالیزی ورد بیسەلمێنێت، و ناتوانێت ئەو پەیوەندییە هاوبەرپەرچییە ئازادی، ناسیۆنالیزم و دەوڵەت لەگەڵ یەکدا ببینێت. ئەم تێڕوانینە، کە لە ڕووکەشدا وەک هەڵوێستێکی پێشکەوتووخوازانە دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی دۆخی نامۆبوون (alienation) و بێدەسەڵاتی کوردستان. چونکە بە بێ دەوڵەت و ناسیۆنالیزم وەک دوو هێزی یەکخەر و بزوێنەر، پرۆسەی ڕزگاریی کوردستان ناتەواو و ناکارا دەبێت.
لێرەوە، پێویستە ڕووناکبیرانی کورد لە جیاتی ڕەخنەگرتن لە چەمکی دەوڵەت و کەمکردنەوەی گرنگی ناسیۆنالیزم، تێبکۆشن بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر و هەمەلایەنەتر لەم دوو چەمکە وەک دوو ڕەهەندی جیانەکراوە لە پرۆسەی گەشەسەندنی ڕۆحی نەتەوەیی کوردستان. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانێت کوردستان لە قۆناغی بێدەوڵەتی و داگیرکراوییەوە بگاتە قۆناغی سەروەری و ئازادی، واتە دەوڵەتی سەربەخۆ.
دەبێ جەخت بکەینەوە کە دەوڵەت و ناسیۆنالیزم بۆ کوردستان نەک تەنیا دوو پێداویستی سیاسی، بەڵکوو دوو پێداویستی مێژوویی و فەلسەفین بۆ بەدیهێنانی ڕۆحی ڕەهای نەتەوەیی کوردستان. تێگەیشتن لەم ڕاستییە، یەکەم هەنگاوە بەرەو داڕشتنەوەی ستراتیژییەکی کاریگەر بۆ ڕزگاریی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
هەڵبەت ئەو بابەتانەی کە لە وتاری حەسەنپووردا جێگای ڕەخنەن، کەم نین کە من تەنیا ئەو بابەتانەی سەرەوەم بۆڵوبژێر کرد بۆ ئەوەی بە کورتی لێکیان بدەینەوە کە چما دژ بە هزریی نەتەوەیی و بنیاتنانی کوردستانن.