بۆ سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وهه‌رییه و بۆ فیدرالیزم و کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک کورتهێنن؟
بۆ سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وهه‌رییه؟
که‌شمیر نه‌ته‌وه و وڵاتێکی خاوه‌ن شووناس و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیەتی؛ له ١٩٤٧ که بڕیار بوو سه‌ربه‌خۆیی وه‌ربگرێ که‌وته بەر هێرشی نافه‌رمی دەوڵەتی تازەدامەزراوی پاکستان؛ میری کهشمیریش بۆ به‌رگری په‌نای بۆ هیندستان برد. هیندییه‌کان ئاماده بوون شه‌ڕ بۆ که‌شمیر بکه‌ن ئه‌گه‌ر له به‌رامبه‌ردا سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و وه‌ک ویلایه‌تێکی نیمچە-کۆنفێدڕاڵ تێکه‌ڵ به هیندستان بێت.
شه‌ڕی هیندستان و پاکستان له‌سه‌ر که‌شمیر له‌سه‌ر خاکی که‌شمیر و له‌سه‌ر پشتی نه‌ته‌وه‌ی که‌شمیر ده‌ستی پێ‌کرد، دوای زیان و زەرەرێکی زۆر، له ١٩٤٨ لە په‌یمانێکی درۆینه‌ی ئاشتی، هیندستان و پاکستان “که‌شمیر”یان له نێوان خۆیان دابه‌ش کرد، دواتریش چین له ١٩٦٢ له هێرشێکدا به‌شێکی که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هیندستان دا بوو داگیر کرد.
له ١٩٤٧ـهوه هه‌تا ئێستا سێ (٣) شه‌ڕ به فه‌رمی له‌سەر خاکی که‌شمیر دا له نێوان داگیرکه‌راندا ڕووی داوه و ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بێته چواره‌مین شه‌ڕی فه‌رمیی که له ڕاستیدا له‌سه‌ر دابه‌شکاری و داگیرکاریی ئه‌و سێ داگیرکه‌ره‌ی وڵاتی که‌شمیره.
هیندستان و پاکستان له ڕاستیدا نه وڵاتن و نه نه‌ته‌وه، به‌ڵکو دوو ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئیسلامی و هیندوسین که ئینگلیز خۆی له پڕوسه‌ی ئه‌ندازیاریکراوی دیکۆڵۆنازەیشن و گوزار بۆ نیوکۆڵۆنیالیزمی خۆی له کۆمپلۆیه‌کی ساختە به جڵه‌وداری “گاندی” له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تسازی بۆ دینی هیندوس و دینی ئیسلام بەمەبەستی بنیاتنانی ململانێیه‌کی هەتاهه‌تایی، ناڕاسته‌وخۆ دایمه‌زراندن.
له‌و ڕێگایه‌وه پێشیان به سه‌رهه‌ڵدانی ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌ی وه‌ک په‌نجاب، به‌نگاڵ و تامیل و گوجه‌رات و کانادا و سندی و مایتیل و ئۆدیا و ماراتی… گرت. ئێستا هەندێک له‌و نه‌ته‌وانه زیاتر له ٢٠٠ ملیۆنن و بەشی هەرە زۆریان لە سه‌رووی ٤٠ میلیۆنن. هەندێک لە نه‌ته‌وە بێدهوڵهتانەی هیندستان و پاکستان له کورد گه‌وره‌ترن، هه‌رچه‌ندە ناوی کورد وه‌ک گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێده‌وڵه‌ت لە جیهاندا ناسراوە. دیاره هیچکام له‌و نه‌ته‌وانه وه‌ک کورد نه‌که‌وتوونه به‌ر شاڵاوی نکۆڵی و جینۆساید، به‌ڵام هه‌رواش زۆربه‌یان خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وییان به‌لاوه نه‌ناوه.
هیندستان وڵاتێکی فیدراڵه که له دەستورەکەیدا (یاسای بنه‌ڕه‌تیدا) خۆی وه‌ک ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان پێناسه ده‌کات، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی که وه‌ک ده‌وڵه‌ت خۆیان پێناسه ده‌که‌ن ته‌نیا جۆرێک ده‌سه‌ڵاتی پارێزگایی نیمچە-ئۆتۆنۆمن نه‌ک ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی، واتا له شتێک لەنێوان پارێزگا و ده‌سه‌ڵاتی خۆجێییدا. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه که له دابه‌شکاری ئیداریدا له نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و پارێزگاکاندا له کۆی ١٦١ ئه‌رکی ئیداری ته‌نیا ٦١ ئه‌رکی له‌سه‌ر پارێزگایه و ١٠٠ ئه‌رکه‌که‌ی دیکه که وێده‌چێ گاڤبهگاڤ زیاد بکا، به ده‌ست ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه. ئه‌وه وا ده‌کات که فێدرالیزمی هیندی زۆر جێگای مشت‌ومڕ بێ و ئه‌و باوه‌ڕه زاڵتر بێ که ده‌وڵه‌تێکی ناوەندگەرا (یونیتاری) بێت زیاتر لە فیدرالی.
له یاسای هیندستان دا به پێی مادده‌ی ٣٧٠ که‌شمیر پێگەی سیاسی جیاوازی پێدراوە، که مافی هه‌بوونی دەستووری تایبه‌ت به خۆی و ده‌زگای نیمچه-ده‌وڵه‌تی و ئاڵای خۆی پێ ڕەوا بینراوە، که تا ئاستێکی زۆر هاوشێوه‌ی “هه‌رێمی کوردستان”ـه، به‌ڵام چۆن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی هیندستان به‌هێزه، وه‌ک هه‌رێمی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر به ناوه‌ند سه‌رکه‌شی پێ ناکرێت، لانیکەم تا چەند ساڵیک پێش ئێستا.
نارندا مۆدی، ڕێبه‌ری پارته هیندو توندئاژۆیهکه، له ٢٠١٤ له ڕێگه‌ی ههڵبژازدنێکی دێموکراتیک ده‌سه‌ڵاتی به ده‌ست هێنا، که یه‌کێک له به‌ڵێنه‌کانی هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ماده‌ی ٣٧٠ ی که‌شمیر بوو، که بێگومان کرده‌وه‌یه‌که له هزری شۆڤێنیزمی هیندوسییهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئێستا دوای پێنج ساڵ ده‌سه‌ڵات “هیندستانی دێموکراتیک” له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژادنێکی دێموکراتیکه‌وه فاشیزم زاوه و هێرشیش بۆ ئه‌و نیمچه مافه ده‌کات که که‌شمیر هه‌یه‌تی و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خۆجێییه‌ی لێ ده‌ستێنێته‌وه.
یه‌که‌م هۆکاری سه‌ره‌کی که که‌شمیر وه‌ها ده‌که‌وێته ژێر هێرشی هیندستان و ده‌سه‌ڵاته خۆجێییه‌که‌ی لێ زه‌وت ده‌کرێت، ئه‌وه‌یه که سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له ١٩٤٧ به دەوڵەتێک (هیندستانێک) به‌خشی که به مۆدێلێک له کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک پێی نایه مه‌یدانی سیاسه‌تی جیهان، هه‌رچه‌ندە هەر لە سەرەتاوە به کرده‌وه فێدرالیزمێکی ته‌واو نه‌بوو، به‌ڵام مۆدێلی نێوان هیندستان و که‌شمیر، شتێک له نێوان فێدرالیزم و کۆنفیدرالیزم دایه. واتا فێدرالیستی بوو چونکه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، ئابووری گەورە (ماکرۆ) و پوول، هه‌روه‌ها سوپا له ده‌ستی کەشمیر دا نه‌بوو، کۆنفێدراڵیستیش بوو چونکه ئاڵا، دەستوور و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دێموکراسی نه‌یتوانی بیپارێزێ، چونکه خاوه‌نی ئه‌و پارێزبه‌ندییه جیۆپۆلەتیکه نه‌بوو که سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی پێی ده‌به‌خشێ. بۆیه هه‌ر جۆره کێشه‌یه‌ک له نێوان که‌شمیر و هیندستان به کێشه‌ی ناوخۆیی هیندستان هه‌ژمار دەکرێ و مافی ده‌ستتێوه‌ردان له هه‌مووان ده‌ستێنێته‌وه و دەیدات بە دەوڵەتی ناوەندی، ئه‌و مافه‌ش به که‌شمیر نادرێ کێشه‌ی خۆی ببات بۆ نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان یان دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵکوژی ڕووی نه‌دابێت.
دیاره ئێستا که پاکستان ملهوڕی ده‌کات ئه‌وه نه‌ک یاسایی، به‌ڵکو ته‌نیا وه‌ک پشت به‌ستن به هێز و دینه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رنا له‌ڕاستیدا هه‌ر سێ ده‌وڵه‌تی هیندستان، پاکستان و چین داگیرکه‌ری وڵاتی “که‌شمیر”ن و ململانێی نێوانیان به هۆی ڕکابه‌ری نێوانیان دایه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که ئاماژەی پێکرا، شه‌ڕ و ململانێ له‌سه‌ر که‌شمیر ده‌چێته خانه‌ی تیۆری گه‌مه‌وه، ئه‌و شه‌ڕه گه‌مه‌یه‌کی کۆتاییدارە (فاینایته) له ناو گه‌مه‌ی بێپایان (ئینفینیتی) دا له گۆڕه‌پانی سیاسی جیهان جێگه ده‌گرێ و ئه‌وه‌ش چه‌ندین لایه‌نی دیکه ده‌کێشێته ناو یارییه‌که.
چین به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیندستان به ڕکابه‌ری خۆی ده‌زانێ، به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌تا ئێستا پاڵپشتی پاکستانی کردووه، هاتووته ناو گه‌مه‌که‌وه. ئەمریکاش به سرووشتی خۆی وه‌ک ئەکتەرێکی گه‌وره‌ی جیهانی ناتوانی له ده‌ره‌وه‌ی یارییه‌که بمێنێ، لەبەر چین وه‌ک هاودۆستێکی هه‌میشه‌یی پاکستان له‌ناو هاوکێشه‌که‌دا ده‌رکه‌وێت و ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه که به‌لای هیندستان دا بچه‌مێته‌وه. ئه‌وروپا به‌لای هیندستان و ڕووسیا به‌لای پاکستان دا ده‌شکێته‌وه. بێگومان ئه‌فغانستانیش ڕاده‌کێشرێته ناو کێشه‌که و به ئه‌گه‌ری لاواز یه‌کێک له مه‌ترسیدارترین دۆخه‌کان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ده‌توانێ ساز بێت شەڕە له نێوان پڕحه‌شیمه‌تترین وڵاتانی جیهان که خاوه‌ن چه‌کی ئه‌تۆمن و له ئه‌گه‌ری توندوتۆڵ بوونه‌وه‌ی شه‌ڕدا هیچ دوور نییه پاکستان ئه‌و چه‌که به‌کار بێنێ و له ئه‌گه‌ری ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی، جیهان ڕووبه‌ڕووی زستانی ئه‌تۆمی بێته‌وه و ژیان له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی بسڕێته‌وه. بێگومان ئاگری ئه‌م شه‌ڕه‌ش له‌سه‌ر پشتی نه‌ته‌وه‌ی که‌شمیر ده‌کرێته‌وه و به‌ره‌و وڵاتی نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه ته‌شه‌نه ده‌کات. لەم دۆخە جیهانییەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە جێگای سەرنجن.
دیموکراسی چۆن توانی له ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئێستاش له هیندستان کە بە شۆڤێنیزم ئاوس بێ و ده‌وڵه‌تێکی فاشیست بزێ، له ئێران و عێراق و تورکیا و سووریای دێموکراتیکی داهاتوودا ده‌توانێ به هه‌مان شێوه ده‌وڵه‌تێکی فاشیستی بزێ که هه‌موو ده‌ستکه‌وتی کورد له سیسته‌می فێدرالیزم و دێموکراسی‌دا بستێنێته‌وه، هه‌موو ئەو وڵاتانە که‌ره‌سه‌ی ئه‌و کاره‌یان له ده‌ستدا هه‌یه.
له جیهانی دڕنده‌کاندا ته‌نیا که‌ره‌سته‌یه‌ک که ده‌توانێ نه‌ته‌وه‌یه‌ک له فه‌وتان و هێرش بپارێزێ، سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییه که سه‌ربه‌خۆیی ده‌به‌خشێت و پارێزبه‌ندی جیۆپۆلیتیک هه‌تا ئاستێکی زۆر ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
شه‌ڕی ناسنامه و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی و ئابووریی له‌سه‌ر پشتی نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌کان ده‌کرێت زۆرترین زیان و وێرانی تووشی ئه‌وان بکات. بێگومان تێچووی شه‌ڕیش بێدەوڵەتەکان ده‌یده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سکه‌وتێکی بۆ ئه‌وان هه‌بێت. بۆ نموونه شه‌ڕی هەشت ساڵەی دوو ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئێران و عێراق له‌گه‌ڵ یه‌کدی له‌سه‌ر پشتی نه‌ته‌وه‌ی کوردستان کرایه‌وه و هەر ئەو باجە گەورەکەیدا.
ستراتیجی کورد بۆ ڕزگاری و گه‌یشتن به سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێت به ستراتیجی هه‌ڵوه‌شاندنەوەی ئێران له ڕێگای هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ بزاوتی سه‌ربه‌خۆییخوازی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ڕوو بدات. ئێران له فۆڕمی ده‌وڵه‌تدا هه‌میشه بۆ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه مه‌ترسیدار و هه‌بوونی به واتای تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه دێت. بۆیه کورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه دەبێ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنی ئێران له هاوپەیمانییەکی هاوبه‌شدا به مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنی ئێران یه‌ک بگرن. کورد ده‌بێت بۆ داگیرساندنی بزاوتی سه‌ربه‌خۆییخوازی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه هاوکار بێت.
وانه‌ی که‌شمیر پێشانمان ده‌دا که بزاوتی په‌نجا ساڵه‌ی خودموختاریخوازی، دێموکراسیخوازی بۆ ئێران، فێدرالیزم، کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک و حکومه‌تی کرێکاری بۆ ئێران، چەمک و تێگەیشتن و ئامانجی به‌لاڕێدا بردنی شۆڕشی کوردستان له سه‌ربه‌خۆییخوازی بۆ سهربهخۆینهخوازیین.
له ڕاستیدا جێگای خۆیه‌تی که له شۆڕشی کوردستان دا هێڵی سه‌ربه‌خۆییخوازی، که خوازیاری سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و پارێزبه‌ندی جیۆپۆلیتیک و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یین جیا بکرێته‌وه له خۆدی سهربهخۆیینهخوازی که هه‌موو به‌رنامه و ستراتیجییه‌کانی تێکۆشانیان ڕووی له مۆدێلی ده‌وڵه‌تداری له ئێرانی داگیرکه‌ره و بۆ کوردستان داواخوازی هیچ پارێزبه‌ندییه‌ک نین، که کورد له به‌رامبه‌ر به هێرشی ئابووریی، سیاسیی، له‌شکریی و فه‌رهه‌نگیی داگیرکه‌ردا بپارێزێت. هه‌روه‌ک له ١٦ ی ئۆکتۆبەر، بڕینی چه‌ند ساڵی مووچه و بوودجه له لایه‌ن به‌غداوه و داخستنی فڕۆکه‌خانه‌کانی کوردستان، هێرشی فه‌رهه‌نگیی فارس و تورک و عه‌ره‌ب بۆ باشووری وڵات و ده‌یان نموونه‌ی دیکه، ئەوەیان نیشان داین.
کوردستان نابێت جارێکی دیکه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێ و به بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌ستمان به ده‌ریا ناگات یان هێزی شه‌ڕی پێویستمان بۆ ڕزگاری نییه، بخزێته داوێنی فێدرالیخوازی، دێموکراسیخوازی، کۆنفێدرالیخوازی و سۆشیالیزمخوازی بۆ ئێران و عێراق و تورکیا و سووریا. ئه‌م بەرنامە دژهنهتهوهییانه نه له سه‌ده‌ی ڕابردوودا و نه له‌م سه‌ده‌یه‌دا بچووکترین ده‌سکه‌وتیان نه‌بووه. بۆیە نابێت چی دیکه خوێن بۆ ڕێبازی هه‌ڵه بدرێت، به‌ڵکو ده‌بێ خوێن بۆ باوه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی بدرێت، که کورد ته‌نیا ئه‌و داهاتوویه‌ی له پێشه و به نه‌خشه‌ڕێ و ستراتیجی دروستی نه‌ته‌وه‌یی به ڕزگاری ده‌گات.
دوا وشه؛ هه‌موو ڕێبازێکی چه‌پ و ڕاست له کوردستان ده‌توانێ به‌شداری شۆڕشی ڕزگاری بن، ئه‌گه‌ر به گه‌وهه‌رێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه و به ناسنامه‌ی کوردستانییه‌وه بۆ ئامانجیان سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی له ده‌زگایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوودا تێ‌بکۆشن و بڕوایان به دامه‌زراندنی مۆدێلێکی سێکولار له کوردستانی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت.